۱۳۹۰ فروردین ۸, دوشنبه

ئێمه‌ مه‌حکوومی ڕوانینه‌کانت بووین- بۆ فەرزاد کەمانگەر


من لاڵ بووم. له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ ڕووانینت، به‌ وێنه‌که‌ت ئه‌و تاک وێنه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ زۆربه‌مان ته‌نیا ئه‌ومان دیبوو، هه‌مان وێنه‌، که‌ چاوانت له‌ ڕه‌نگی ئاسمانن و له‌ ئاسمان ده‌ڕوانن. له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ بۆت لاڵ بووم، مه‌گه‌ر ده‌کرێ ئه‌و ڕوانینه‌ی تۆ ببیندرێ و له‌ نێویدا ون نه‌بیت. ده‌مزانی خۆشمده‌ویستی، ده‌مزانی دڵم ده‌یه‌ویست نامه‌ت بۆ بنووسێ. به‌ڵام نه‌مده‌توانی، نه‌مده‌توانی ناوت و نامه‌کانت ببینم و بۆت بنووسم. که‌ تۆ له‌ هه‌موو ئێمه‌ جوانترت ده‌نووسی، گیانی برای خۆت.


له‌و ڕۆژه‌وه‌ وێنه‌که‌تم دی، له‌و ڕۆژه‌وه‌ بیستم مامۆستای، له‌و ڕۆژه‌وه‌ که‌ زانیم وه‌ک من له‌ گوندا مامۆستای بووی، ده‌مه‌ویست بۆت بنووسم، به‌ڵام من دیل و گیرۆده‌ی ڕووانینه‌که‌ت بووم، هه‌مان ڕوانینێک له‌ چاوه‌کانت به‌ ڕه‌نگی ئاسمان که‌ له‌ ئاسمانت ده‌ڕوانی. سه‌یره‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا به‌ من بڵێ و به‌ من بسه‌لمێنن که‌ "ئاسمانی هه‌موو شوێنێک هه‌مان ڕه‌نگه‌" من دڵنیام که‌ ئه‌و ئاسمانه‌ی که‌ تۆ به‌و ڕووانینه‌ ئاسمانییه‌ لێده‌ڕوانی له‌ هه‌مان ئاسمانی چاوه‌کانی خۆت ده‌ڕوانی و ڕه‌نگێکی دیکه‌ی هه‌یه‌. ئه‌و ئاسمانه‌ی تۆ لێت ده‌ڕووانی هه‌مان ڕه‌نگی چاوه‌کانی خۆت بوون کاکه‌ فه‌رزاد.
له‌ چاوی هه‌موو مرۆڤه‌کانی دیکه‌دا وێنه‌یه‌ک له‌ ئاسمان نه‌خش ده‌گرێ به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕه‌نگی ڕووانینی تۆ بوو که‌ ئه‌و ئاسمانه‌ی ڕازاندبۆوه‌ که‌ تۆ لێت ده‌ڕوانی. ئه‌و مافه‌م بده‌یه‌ که‌ بێژم ئاسمانێک که‌ تۆ لێی ده‌ڕوانی قه‌د ڕه‌نگی هیچ ئاسمانێکی دیکه‌ نادا. 
کاک فه‌رزاد وێنه‌ی خۆت بوو که‌ له‌ ڕۆژی یه‌که‌مدا به‌و ڕووانینه‌ لاڵت کردبووم، ده‌ستمت له‌رزاند، چاوه‌کانمت ترساند که‌ فره‌تر لێت بڕوانم. ده‌زانی کاکه‌ گیان ده‌زانم غه‌مێکی قورس ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانم که‌ بڵێم به‌ ڕووانینت به‌و وێنه‌ تاکییه‌ته‌وه‌ له‌ دڵم که‌وتبوو که‌ تۆ به‌ مه‌رگت ده‌بیته‌ قاره‌مانی ژیان بۆ ئێمه‌. ببووره‌ که‌ ڕاستییه‌کان ده‌ڵێم. تۆ به‌و چاوانه‌ت، تۆ به‌و ڕووانینه‌ت نه‌ک ته‌نیا خۆت به‌ڵکوو هه‌موو ئێمه‌ت مه‌حکووم به‌ ئێعدام کردبوو. ئازیزی برا. له‌ بنه‌ڕه‌تدا هێندێک جار هه‌موو شت پێکه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌سێک ببێته‌ قاره‌مان. که‌سێک که‌ ته‌نیا وێنه‌یه‌کی هه‌یه‌، ته‌نیا ڕوانینێکی پاکی هه‌یه‌ به‌ پاکی هه‌نگوینه‌کانی کێوه‌کانی کوردستان، ئه‌سله‌ن تۆ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ قاره‌مانبوون له‌ دایک ببووی. 
کاک فه‌رزاد؛ من دڵینام نه‌ک من به‌ڵکوو زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ شوێن ناوی تۆ و نووسراوه‌کانی تۆدا ده‌گه‌ڕان، فره‌ت لێ فێر بووین. تۆ له‌م ساڵگه‌لی سته‌مدا تاقانه‌ بووی، تاقانه‌ بووی له‌ نێو هه‌موو زیندانیانی سیاسی، نەک وەک کەسانێک بووی کە هەروا بە پێشوازی مردنەوە بچی و وەک قارەمانانی ڕابردوو بڵێی من مردنم بە گیان کڕیووە، نەک وەک کەسانێکی دیکە بۆ ژیان گریایی و دەستکرد بە دانپێدانانی درۆینە. تۆ ئێمەت فێر کرد کە دەبێ هەتا دواکاتەکانی ژیان لە مافی ژیان پارێزگاری بکەین، هاوکات لە سەر ژیان، بۆ خۆشەویستەکەت و بۆ منداڵان و بۆ قوتابیانی وڵاتەکەمان و بۆ خەڵکی سادە و بەسەبرمان نامە بنووسی. تۆ فێرت کرد لە دواکاتەکانی ژیانیشدا هەم بۆ شاهروودی و هەم بۆ لاریجانی بنووسی و ڕوونبکەیەوە کە ژیان مافی تۆیە. بەڵام نە ئێعترافت کرد و نە داوای لێبووردنیشت لەوان کرد. چۆن تۆ تاقانە نیت ئەی ئەو کەسەی چاوەکانی بۆ هەتاهەتایە ئاسمانی منن. تۆ فێرت کرد، ئەشکەنجە بکرێی بەڵام خۆڕاگر بی و دواتر چیرۆکی ئەو ئەشکەنجەیە بە شێعر بنووسی و بۆ ئێمەی بنێری.

ئێستا کاک فەرزاد من ماوم و بێوازی ئەم غەریبییە کە لەودا وەک دارێکی بە تاق بەجێماوی چۆڵەوانی بە بیستنی هەواڵی لە سێدارەدانی تۆ، واقم وڕماوە لە وێنەی تۆ، شیرین و فەرهاد و عەلی و مەهدی. واقم وڕماوە لەم بێوازییە لەم قەسابخانەیە. واقم وڕماوە لە لاپەڕەکانی هەواڵ بە فرمێسکی چاوانی دایکت. من بۆخۆم مامۆستای قوتابخانەی گوند بووم و دەزانم ئەگەر لە زانکۆکانی ئوروپاش مامۆستا بی، دەست وپلی چڵکنی قوتابییەکانی گوند، بە حەقدەستی زۆروزەبەن و ناووناوبانگ قەد قەد ناگۆڕدرێتەوە. دەزانم وێنەی نەخشی دەستی ئەڤینی بەجێماوت کە کاتێک لە لایەن زیندانەوانی قەد عاشق نەبووت، بە زەبری باتۆم لە سەر دیوارەکانی زیندان پاک دەکرایەوە، تاقە هیوایەک بوو کە دەیتوانی لە گەڵ هیوای جارێکی دیکە وێنەگرتن لە تەنیشت قوتابیانی گوندا هاوسەنگی بکا. دەزانم هەموو کاتەکان لەو فکرەدابووی کە جارێکی دیکە بە یەکێک لە قوتابییەکانت بێژی: ئەحمەد گیان، "احمد" بە کوردی ئاوا ده‌نووسرێ؛ "ئەحمەد" ... دەزانم حەتمەن ئەحمەدیش دەیوت کەواتە "فرزاد"یش ئاوا "فەرزاد" دەنووسرێ،بەڵام هەرزوو قسەکانی خۆی قووت دەدا و دەیوت ببوورە "کاکە فەرزاد". 

ببوورە کاکە فەرزاد! ئێمە نەمانتوانی نە لە خەباتدا وەک تۆ بین و هاوڕێی تۆ بین و نە لە مەرگی پڕلە شانازیشتدا چەند ڕەستەیەکت بۆ بنووسین. باوەڕ بکە، کەس، کەس لەم جیهانەدا ناتوانێ تەنیا دێڕیک بنووسێ کە ئاسمانی چاوەکانی تۆ وێنا بکا. ئەی ڕەنگی چاوەکانت تا هەتاهەتایە ئاسمانی من.

لێرەدا، چوار زیندان بوو ...
لە هەر زیندان چەند داڵان و لە هەر داڵان چەند ژوور
و لە هەر ژوور چەند پیاوێک پێ لە زنجیر ...
بەڵام تۆ، کەسێکت لە تاریکە شەوی باووبۆراندا نەکوشت
بەڵام تۆ، ڕێگەت لە پیاوێکی بەرتیلخۆر نەگرت
بەڵام تۆ، نیوەشەوان، لە سەر بانێکەوە خۆت هەڵنەداشتە سەر بانێکی دیکە
ئەگەر تۆ لەم بەندە بەند نەبووبای؛
ڕەنگە سبەینانێک هەر وەک یادوەرییەکی دوور و بزۆز؛
تێپەڕبای لە قەراغ ساردی خاکی پەست *
* تێبینی:
لە گەڵ ڕێز و حورمەت بۆ شاملووی ئازیز و لایەنگرانی مەبەستم جەسارەتکردن بە شێعری شاملوو نەبوو تەنیا لە بەر ئەوە ویستم بۆ فەرزاد بێ، جێناوەکانم گۆڕی.
وه‌رگێرانی: سیاوه‌ش گۆده‌رزی


http://kurdishperspective.com/expanduser.php?id=1772
ادامه مطلب